هانس مارتین
له نه‌رویجیه‌وه: عەبدوڵا محەمەد شوانی
ئه‌مه چیرۆکی کوڕه جوتیاره‌که‌و سه‌رۆکی داهاتوی چینه، که چاوه‌ڕوان ده‌کرێت رۆژی پێنجشه‌ممه (شی جین پینگ)ی ته‌مه‌ن 59 ساڵ وه‌ک سکرتێری پارتی کۆمنیستی چین هەڵبژێردرێت و ببێته سه‌رۆکی ئه‌و وڵاته‌ی خاوه‌نی زۆرترین رێژه‌ی دانیشتوان و ئابورییەکی بەهێزی جیهانه.
سی ئێن ئێن، هه‌وڵیدا تیشکێک بخاته‌سه‌ر ئه‌م سه‌رۆکه تازه‌یه و بزانێت شێوه‌ی به‌رنامه‌کانی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م وڵاته چییه، زانیاریه‌کان له‌سه‌ر سه‌رکرده و رابه‌ره‌کانی چین زۆر سنوردار کراوه‌و ئه‌سته‌مه بتوانی زانیاری پێویست وه‌ربگیرێت له‌و پارته‌ی خۆی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته به‌ڕێوه‌ده‌بات، ساڵی رابوردو نوسه‌رێکی نه‌ناسراو کتێبێکی له‌سه‌ر ژیانی ئه‌م سه‌رکرده‌یه بڵاوکر‌ده‌وه، سه‌رکرده چینییه‌کان ناگه‌ن به لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵات به هه‌ڵگری ئاڵای ئه‌و به‌رنامانه‌ی که ده‌یانه‌وێت جێبه‌جێی بکه‌ن، به‌ڵکو له‌ڕوانگه‌ی ملکه‌چی و دڵسۆزیان بۆ سه‌رۆکی ئێستایه، وه‌ک (دیکسون) مامۆستای زانسته سیاسییه‌کان له زانکۆی جۆرج واشنتن ده‌ڵێت.
شی جین پینگ ساڵی 1953 له‌دایکبوەو هه‌مان ساڵ کۆمه‌نیسته‌کان ده‌سه‌ڵات له نه‌ته‌وه په‌رسته‌کانی چین دەبه‌نه‌وه و وڵات ده‌خه‌نه ژێر رکێفی خۆیانه‌وه، ئه‌مه‌ش وا ده‌کات ژیانی هه‌ر له دایکبونه‌وه به ره‌نگی سور بنه‌خشێنرێت، ئه‌و کوڕی شی زۆنگ شی، پیاوه شۆڕشگێره‌که‌ی نزیک له ما‌و بو، که بێجگه له وه‌زیری پڕوپاگەنده و خوێندن چه‌ندین پایه‌ی تری بینیوه، به‌ڵام ئه‌و دۆستایه‌تیه‌ی نێوان باوکی و ما‌و به‌رده‌وام نابێت و له‌گه‌ڵ چه‌ند سه‌رکرده‌یه‌کی تردا پاڵپشتی خۆیان بۆ راپه‌ڕیوه‌کانی تبت راده‌گه‌یه‌نن، له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵویسته‌ی و له‌گه‌ڵ شۆڕشی رۆشنبیری ساڵی 1960، هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌کانی لێ ده‌سەنرێته‌وەو دورده‌خرێته‌وه بۆ ناوه‌ڕاستی چین.
شی جین پینگ؛ ژیانێکی ئاسوده و خۆشی به‌سه‌ربرد له منداڵی‌دا تا ئه‌و کاته‌ی باوکی دورخرایه‌وه، ساڵی شه‌ست یه‌کێک له‌و هه‌رزه‌کارانه بو پێیان دەوتن نێردراوه‌کانی ژێر زه‌وی، که به‌و که‌سانه ده‌وترا له‌سه‌ر بڕیاری ما‌و کۆچی زۆره‌ملێی لاوان به‌رەو گوند و ناوچه شاخاویه‌کان ده‌ستی پێ‌کرد، شی جینیش یه‌کێ له‌و منداڵانه بو ئه‌و بڕیاره گرتبویه‌وه تا وای لێهات به مناڵه لادێی و کوڕه جوتیاره‌که ناسرا.
ساڵی 1976 و له‌دوای مردنی ما‌و، باوکی شی جین پینگ ده‌گه‌ڕێته‌وه دنیای سیاسه‌ت، پینگ ساڵی 1979 کۆلیژی زانستی به‌شی کیمیا ته‌واو ده‌کات و هه‌مان ساڵ په‌یوه‌ندی به سوپای چینه‌وه ده‌کات، دوای وه‌رگرتنی چه‌ندین پله‌وپایه‌ی له‌ناو سوپادا، ئێستا به یه‌کێ له دڵسۆزترین و نزیکترین که‌سی ناو خێزانی سوپا دادەندرێت.
سه‌ره‌تای ساڵی هه‌شتاکان، ئه‌رک و به‌رپرسیاریه‌تی چاکسازی کشتوکاڵی و باشترکردنی به‌روبومی گرته‌ئه‌ستۆ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سه‌ردانی ئه‌مەریکای کرد، له گه‌ڕانه‌وه‌یدا هونه‌ری کشتوکاڵ و چاکردنی به‌روبومه کشتوکاڵییه‌کانی له‌گه‌ڵ خۆی برده‌وه بۆ چین، که هه‌نگاوێکی بوێرانه‌و به‌سود بو بۆ بواری کشتوکاڵ و له‌هه‌مانکاتدا شکاندنی ئه‌و به‌سته‌ڵه‌که بو له‌نێوان چین و ئه‌مەریکادا، هه‌ر ئه‌و سه‌ردانه‌ی وایکردوه که ئه‌مەریکا به گه‌شبینیه‌وه بڕوانێته ئه‌و هه‌نگاوه‌ی که پیونگ ببێته سه‌رۆکی داهاتوی چین.
له مانگی دوی ئه‌مساڵ سه‌ردانی ئه‌مەریکای کرد و له‌لایه‌ن باراک ئۆباماوه پێشوازییه‌کی که‌م وێنه‌ی لێ‌کرا، له‌هه‌ندێ شوێندا وا نیشانی‌دا میوانه‌که‌ی زۆر له‌خۆی به‌تواناتر و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی زیاتره، هه‌ر له‌و سه‌ردانه‌دا جگه له سه‌رۆک ئۆباما، چاویشی که‌وت به جۆ بایدنی جێگری سه‌رۆک و هیلاری کیلنتنی وه‌زیری ده‌ره‌وه و وه‌زیری به‌رگری ئه‌مەریکاش، توێژه‌رەوه‌کانیش لێکدانه‌وه‌یه‌کی زۆر پۆزه‌تیڤیان بۆ سه‌ردانه‌که و په‌یوه‌ندییه‌کانی چین و ئه‌مەریکا نیشان ده‌ده‌ن، بۆ ده ساڵی داهاتوش ئه‌مەریکا هیچ نیگه‌ر‌انیه‌کی نه‌ماوه له په‌یوه‌ندیه‌کانی له‌گه‌ڵ چیندا.
له‌ناو هه‌مو سه‌رکرده کۆمه‌نیسته‌کانی تردا، شی جین که‌سێکی ساکار و له‌سه‌رخۆیه و ئاسانه له‌گه‌ڵیدا بکه‌ویته گفتوگۆ بێ ئه‌وه‌ی سڵ بکاته‌وه یاخود وریا بێت له ده‌ربڕینی قسه‌کانی.
رۆژی پێنجشه‌ممه شی جین وه‌ک سکرتێری پارتی کۆمه‌نیست له چین هه‌ڵده‌بژێردرێت، ئه‌گه‌ر هیچی لێ نه‌یه‌ت و نه‌مرێت ئه‌وا تا ده ساڵی تر ئه‌و سه‌رۆکی ئه‌و وڵاته ده‌بێت.
Here you can drag and drop new content or move existing content.
For a quick tutorial click here